پڕۆژەیەکی نوێی دەزگای ئایدیایە و خۆی لە زنجیرە کتێبێکی گەورەدا دەبینێتەوە، هەر کتێبێک تایبەتە بە چەمکێک، هەموو لایەنەکانی ئەو چەمکە دەخاتەڕوو و لە ڕەهەندە جیاوازەکانەوە پێناسەیەکی تێروتەسەلی لەسەر دەنووسرێت یان وەردەگێڕدرێت و ڕاڤە و شیکردنەوەی تەواوی بۆ دەکرێت. پاڵنەری ئەم پڕۆژەیە هەر بەتەنها ئەو بۆشاییە فکرییە گەورەیە نییە کە لەناو کایەی فەرهەنگی و فەلسەفیی کوردییدا هەیە، بەڵکو هەڵەتێگەیشتن لە چەمکەکان و ڕاڤەی هەڵە بۆیان، پاڵنەرێکی گەورەتری ئەم پڕۆژەیەیە.
ئەگەر تەماشای مێژووی هاتنی چەمک و زاراوەکان بکەین بۆناو زمانی کوردی، ڕەنگە بە باشی هەست بەوە بکەین کە هەریەکێکیان لە سەرەتادا بە فۆڕم و ناوەڕۆكێکی تاڕادەیەک جیاواز لە مانا ڕاستەقینەکەی خۆیەوە هاتووە، بەڵکو بەشی زۆریان بەدووریش نەبوون لە شێواندن و هەڵەتێگەیشتن و بەهەڵە بەکارهێنان، کە هەموو ئەم لادانانەش بەهۆی کاریگەرییە ئایدۆلۆژی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە سەریانهەڵداوە. هەربۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە هەتاوەکو ئێستا بەهەڵە و نەشارەزایی بە شان و باڵی هەندێک چەمکدا هەڵدەدرێت و هێرشی بێ بنەماش دەکرێتە سەر هەندێک چەمکی دیکە.
ئەوەی زیاتر بۆتە مەیدانی ئەم شێواندن و هەڵەخوێندنەوەیە، ناوەندە 'ئەکادیمی و فەرهەنگی'یەکانن. ساڵانە دەیان خوێندکار بەشەکانی فەلسەفە و زانستی سیاسی و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و ئابووری و ...هتد تەواودەکەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە نەک هەر ئاشنا نین بە چەمکە بنەڕەتییەکانی مێژووی هزری مرۆڤایەتی؛ نەک هەر ئاشنا نین بە چەمکە بنەڕەتییەکانی ئەو زانستەی خۆیان پسپۆڕن تێیدا، بەڵکو بە هەڵە ئەو چەمکانەیان وەرگرتووە کە گوایە چەند ساڵێک خوێندویانە و کاریان لەسەر کردووە و توێژینەوەیان لەسەر نووسیوە. لەڕاستیدا دەبوو ئێستا خوێندنەوەی جیاواز و لێکدژ و تازە بۆ ئەم چەمکانە بکرایە و کۆڕی ڕەخنەیی و نووسینی زانستیی بەپێزیان لەسەر بنووسرایە و قۆناغی ناساندنیان تێبپەڕاندایە؛ بەڵام بەداخەوە هێشتا لە قۆناغێکداین کە دەبێت دەیان کتێبیان لەسەر بنووسین و وەربگێڕین، هەتاوەکو ئەو چەمکانە دەناسێنین.
دەزگای ئایدیا وەک هەمیشە چاوی بۆ کەلێنەکانی کایەی فکری و فەلسەفیی ناو زمانی کوردی گێڕاوە، لەئێستاشدا و لەبەر ڕۆشنایی ئەو بۆشاییەی لەسەرەوە باسکرا، ئایدیا پڕۆژەیەکی نوێ ڕادەگەیەنێت بۆ دووبارە ناساندنەوەی ئەم چەمکانە و دروستکردنی مشتومڕی فکری لەبارەیانەوە. ئەم پڕۆژەیە لە دۆخێکی قەیراناوییدا لەدایکدەبێت و دەیەوێت دۆخێکی قەیراناویی چارەسەر بکات؛ بەو مانایەی لەدایکبووی ئەم دۆخە نالەبارە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەی کوردستانە، هاوکات دەیەوێت کەمێک چارەی دۆخێکی قەیراناوییش بکات، کە بریتییە لە دۆخێکی لاوازی دونیای فکر و فەلسەفە.
پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدا لە ڕێگەی 20 کتێبی گەورەوە کار لەسەر ئەم چەمکانە دەکات:
پۆپۆلیزم
فیمینیزم
فاشیزم
ناسیۆنالیزم
لیبڕالیزم و نیۆلیبڕالیزم
ئیگزیستانسیالیزم
هویمانیزم
ڕیڤزیۆنیزم
مارکسیزم
سۆسیالیزم
ماتریالیزم
کەپیتالیزم
ئایدیالیزم
سیکۆلاریزم
مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم
ئەنارشیزم
ڕاسیزم
نیهیلیزم
ئیمپریالیزم
ئۆریانتالیزم (ڕۆژهەڵاتناسی)