ئه‌نوه‌ر حسێن (بازگر)
چۆن حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات له وڵاتانی دیموكراسی زۆرجار ده‌بنه ئۆپۆزسیۆن بۆ ده‌وره‌یه‌ك یان دوو ده‌وره، به‌هه‌مانشێوه حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش ئاساییه ده‌چنه حكومه‌ت و ده‌بنه شه‌ریكه به‌شی ده‌سه‌ڵات و ئه‌م حاڵه‌ته له وڵاتانی خۆرئاوایی و دیموكراسیدا پرۆسه‌یه‌كی ئاساییه له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌دا.
له كوردستاندا، پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی چواره‌می په‌رله‌مان، ئۆپۆزسیۆن ڕایگه‌یاندووه كه به‌شداری حكومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام به مه‌رج و قه‌ید، به‌ڵام هێشتا زۆر ڕوون نییه داواكارییه‌كانیان چییه كه هێڵی سووره‌و له‌و حاڵه‌ته‌دا به‌شداری ناكه‌ن... له‌مباره‌یه‌وه دوو ئه‌گه‌ر له به‌رده‌م ئۆپۆزسیۆندا هه‌یه:
یه‌كه‌م: به‌شداری حكومه‌ت ناكات، ئه‌مه یه‌كێكه له ئه‌گه‌رو گریمانه‌كانی به‌رده‌م ئۆپۆزسیۆن.
به‌ڵام هێشتا ڕوون نییه كه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان به لایه‌نگرانیان دا كه ده‌چنه ده‌سه‌ڵات، هه‌رچه‌نده ئه‌م ڕسته‌یه مه‌جازیه به‌ومانایه‌ی ئایا ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست، یان به‌شداری ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن؟ ئێستا ده‌ركه‌وت یه‌كه‌میان ڕاست نییه‌و دووه‌میان بووه‌ته دیفاكتۆ.
ئه‌گه‌ر وا بێت، ئایا ئۆپۆزسیۆن بۆ له‌مه‌ودووا ده‌توانێت هه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر بایكۆتی به‌شداری له حكومه‌ت، به مانای چی...؟
ئایا ئه‌و گریمانه‌یه چه‌نده ریالیسته‌یه تا ئه‌وه‌ی كه زۆرتر ڕه‌نگه یۆتۆپیا بێت، كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی جاری داهاتوو به ته‌واوی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست...
بۆیه ڕه‌نگه هه‌م ئه‌م گریمانه‌یه ڕاست نه‌بێت، هه‌م لایه‌نگرانی ئۆپۆزسیۆن ئاره‌زوو بكه‌ن حزبه‌كانیان بچنه ده‌سه‌ڵات.
دووه‌م: خۆ ئه‌گه‌ر بڕیاریش بێت ئۆپۆزسیۆن به‌شداری بكات له كابینه‌ی هه‌شت دا، دوو ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌میاندایه:
یه‌كه‌م: ڕه‌نگه ڕوبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره بێته‌وه، ئایا ئه‌م حكومه‌ته هه‌ر ئه‌و حكومه‌ته نییه كه پێی ده‌وترا ناشه‌فاف و گه‌نده‌ڵ و خراپ، بۆچی ئۆپۆزسیۆن قبوڵیه‌تی بچێته ناو ئه‌و بارودۆخه، كه بێگومان وا نییه، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵات له چاوی ئۆپۆزسیۆنه‌وه كۆی كار‌و سیستمه‌كه‌ی یه‌كسانه به سفر، به‌ڵام له‌ڕاستیدا پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته.
دووه‌م: به به‌شداری ئۆپۆزسیۆن له حكومه‌تدا، سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆن بوونی ئه‌م سێ هێزه ته‌واو ده‌بێت، خۆ ڕه‌نگه دیوێكی پۆزه‌تیڤی سیستمی دیموكراسیش وجودی ئۆپۆزسیۆنێكی ئه‌كتیڤ و مه‌نتقی و نه‌رم بێت، كه ده‌توانێت حكومه‌تێكی چالاك دروست بكات، به‌ڵام بڕوا ناكه‌م كۆمه‌ڵگای كوردستان بێ ئۆپۆزسیۆن بێت، واتا بێ حزبی ئۆپۆزسیۆن بێت، بۆیه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت هێزێكی تر یان حزبێكی تر دروست بێت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، كه ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤی حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و گه‌شه‌ش بكات.
واتا دروستبوونی مۆدێلی حزبی ئۆپۆزسیۆنی نوێ، كه به جۆرێكی باشتر كار بكات و مۆدێلی كاركردنی بگۆڕێت و كۆی ئه‌و مۆدێل و فه‌زاو میتۆده بگۆڕێت كه مۆدێلی ئۆپۆزسیۆنی كلاسیكی كاری له‌سه‌ر ده‌كرد، لانی كه‌م له كوردستاندا له لۆكاڵه‌وه خۆی بكاته گڵۆباڵ، له میتۆدی یان هه‌موو یان هیچ خۆی بگۆڕێت بۆ هه‌موو شتێك له پێناو كوردستاندا، ئیتر به ته‌واوی خۆری مۆدێلی ئۆپۆزسیۆنی كوردی سوننه‌تی ئاوا ده‌بێت.
واتا ئه‌ڵته‌رناتیڤی حزبی ئۆپۆزسیۆن ئه‌گه‌رێكه هه‌رگیز جێی گومان نییه، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م دیفاكتۆیه، ئۆپۆزسیۆن بترسێنێت و بڕیار بده‌ن به‌شداری حكومه‌ت نه‌كه‌ن، تا هیچ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن وه‌كو ئه‌ڵته‌رناتیڤ دروست نه‌بێت و شوێنیان نه‌گرێته‌وه، هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌م ئه‌گه‌ره به‌ڕێوه‌یه‌و ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر به‌شداری حكومه‌تیش نه‌كه‌ن، هێزێكی ڕكابه‌ریان بۆ په‌یدا بێت، كه ئۆپۆزسیۆن بێت، به‌ڵام جۆر‌و فۆرم و مۆدێلێكی تری حزبی ئۆپۆزسیۆنی بێت، كه هیچی له مۆدێلی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو نه‌چێت، جگه له چه‌مكی (ئۆپۆزسیۆن).