* هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەڕێوەن و وڵاتانی دونیاش بە گرنگیەوە سەیری دەكەن (2009)، لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان هەست بە جۆرێك لە مەترسی دەكەن، بەڵام دوا جار دەبێ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان ئەوە بزانن ئێمە جگە لەم ئەزموونە، سەروەری شۆڕش، پراكتیزەكردنی دیموكراسی و گەشەسەندنی و بەدیهێنانی مافەكانمان هیچی ترمان نییە و باشترین فاكتەریش بۆ پشتیوانی لەو خەونانە، كارتی هەڵبژاردن و پرۆسیسی دیموكراسیە.
* هێشتا كوردستان لە بەردەم كۆمەڵێك مەترسی ناوەند، ناوچەیی و دەرەكیدایە، هەڕەشەی گەورە لە سەر پەكخستنی هەنگاوە گەورەكانی هەرێمدا هەیە و سەركردایەتیی سیاسیی كورد و هێز و لایەنە سیاسییەكان لە هەموو كەس باشتر هەست بەو هەڕەشانە دەكەن و دەیزانن، بۆیە نابێ ڕێگا بدەن بە هەر بیانوویەك بێت پرۆسیسی هەڵبژاردن بە شێوەیەك بێت كە هەنگاوەكانی پێشوو ساردبكاتەوە و نەتوانین لە ڕێگای ئەم هەڵبژاردنە تازەوە نمونەیەكی جوان نیشانی دونیا بدەین و بچینە ناو هاوكێشە قورس و گرنگەكانی دونیاوە.
* ئێستا وای لێ هاتوە لە هەر كوێی دونیا پرۆسیسی دیموكراسی هەبێت و هەنگاو بنێت، وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوروپا و ئەمریكا و ڕێكخراوە مەدەنییەكان ڕاستەوخۆ پشتیوانیی لێ دەكەن و وەکوو چۆن بینیمان لە هەڵبژاردنەكانی ژانویەی ئەمساڵ (2009) لە عێراقدا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان پشتیوانیی لێ كرا و تەنانەت وترا " هەڵبژاردنەكانی عێراق، پرۆسیسی دیموكراسی لە عێراق پێش كوردستان خست.
* ڕەنگە خاڵێك زۆر گرنگ بێت كە باسی بكەین، ئەویش ئەوەیە كە ماوەی هەژدە ساڵە شانازی بەوە دەكەین كە سیستمی سیاسی و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا زۆر لە پێش عێراقەوەیە، بەڵام بەم دوایییانە ڕەخنە لەم شانازییەی ئێمە گیرا و پرسیار كرا، بۆچی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی كوردستان لەگەڵ عێراق نەكرا؟
بۆچی پەرلەمان كوردستان كار و فەعال نییە و ناتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ وەزیرەكان بكات؟ زۆر شتی تر. بەڵام ئەوانە ڕەنگە هەموو پاساوی سیاسی و یاسایی هەبێت و ڕەنگە ڕاستیشی تێدا بێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنەی بەڕێوەیە، دەتوانێ وێنایەكی جیاواز و جوان و باش بداتە عێراق و لایەنەكانی، گەر باش بەڕێوە بچێت و گەر پێچەوانەش بوو كەواتە پێچەوانەكەی ڕاستە، ئەمەش بۆ هەرێمی كوردستان هەم گرنگە و هەم پێویستە، بەڵام سێ خاڵ زۆر گرنگە لەم پرۆسەیەدا:
یەكەم: نابێ ڕێگا بدرێت تەشیر و جوێن و سوكایەتیپێكردن و شەڕە پەڕۆ و لێدوانی نامەتیقی پانتایییەكانی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندن بگرێتەوە لە نێو هێزە سیاسییەكان و لایەنەكانی هەڵبژاردندا و پرۆسەكە ناشیرین بكات.
دوەم: گرنگە ململانێكە شەریفانە بەڕێوە بچێت، بەڵام دەبێ دەنگدەر ئەوەش لە بەرچاو بگرێت، كە پشتیوانی لە هێزە دیموكرات و پێشكەوتنخوازەكان بكات و ڕێگا نەدات هێزە كۆنزەرڤاتیڤەكان بێنە پێشەوە، ئەمەش یەكەم ئەركی هاوڵاتی و دەنگدەرە لە پێناو سەرخستنی ئەزموونی هەرێم و چەسپاندنی سیسمتێكی سێكۆیلار و مەدەنی و مۆدێرن و دیموكرات.
سێیەم: دەبێ لیست و دژەكانی بەرامبەریش قبوڵ بكەین و ئەوانیش بە هەمان شێوە و هەموو لایەنەیانیش ئەنجامەكانی قبوڵ بكەن، چونكە هاوڵاتی تا ڕادەیەك نیگەرانە ئەگەر كەشێكی گونجاوی بۆ نەرەخسێ هەست بە مەترسی و خوێن ڕشتن بكات، ئەوەندەی تر خۆی بە دوور دەگرێت، كە ئەمەش نەبەقازانجی هێز و لایەن و لیستەكانە، نە بە قازانجی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە.
* بە كورتی هەرێمی كوردستان و كورد، لە بەردەم ئەزموونێكی گەورەدایە، كە جیاوازترە لە ئەزموون و هەڵبژاردنەكانی پێشووتر.